بۆ بنه‌ماڵه‌ی خۆشه‌ویستم

پێشه‌کی سڵاو رێزم هه‌یه‌ بۆ دایک و باوک و خوشک و براکانم و هه‌موو خزمان و دۆستانم. چاوی یه‌که‌ یه‌که‌تان ماچ ده‌که‌م و هیوای له‌ش ساخی و سه‌لامه‌تیتان بۆ ده‌خوازم.

ئازیزان نزیکی 10 ساڵه‌ به‌هۆی هه‌لومه‌رجی تێکۆشان و هه‌ندێکیش عاجزبوونم له‌ ئێوه‌ نامه‌م بۆ نه‌ناردن، سه‌ره‌تا که‌ به‌شداری شۆڕشی رزگاری گه‌لی کورد و ته‌ڤگه‌ری ئازادی ژنی کورد بووم به‌ رێبه‌رایه‌تی (PKK) و سه‌رۆک ئاپۆ، زۆر له‌ یه‌کتر تێنه‌گه‌یشتین بۆیه‌ تۆزێ‌ یه‌کترمان عاجز کرد، به‌ڵام له‌ دوای 10 ساڵ‌ هیوادارم ئیدی تێبگه‌ن و واتا بده‌ن به‌و رێبازه‌ی که‌ من و به‌ هه‌زاران کوڕ و کچی گه‌نجی هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان تیایدا ره‌نج و تێکۆشان ده‌ده‌ن، ئێوه‌ ئیدی بتانه‌وێ‌ و نه‌تانه‌وێ‌، بنه‌ماڵه‌ و عایله‌یه‌کی شۆڕشن و ئه‌وه‌تان لێ نایه‌ که‌ ده‌رگای خۆتان و دڵی خۆتان به‌ڕووی هه‌ڤاڵان و ئه‌و فیکر و ئامانجه‌دا بگرن که‌ کچه‌که‌تان و به‌ ملیۆنان ئینسان ئاشقیه‌تی، ئێوه‌ که‌سانێکن که‌ خاوه‌ن رێز و پله‌ و پایه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تین و کوردێکن که‌ له‌ مێژووه‌که‌تاندا هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال و قوربانیدان شاهیدی بۆ هه‌ڵوێستی نیشتمان په‌روه‌ریتان ده‌کات و، گه‌لێکین که‌ فه‌لسه‌فه‌ی تێکۆشانمان له‌سه‌ر راستینه‌ی “شێر شێره‌ چ ژنه‌ چ مێره‌” ئاوا بووه‌، بۆیه‌ ئیدی هه‌بوونی ژن له‌ دیاریکردنی چاره‌نووسی گه‌له‌که‌یدا وه‌کو ئینسانێک به‌ عه‌یب و له‌که‌دارکردنی نامووس مه‌زانن. ئیدی داوای پێوان و داب و نه‌ریته‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی کۆمه‌ڵگا مه‌که‌ن و دان بنێن به‌هه‌بوونی ژندا وه‌ک ئینسانێک، چونکه‌ دان پیانانی به‌ مرۆڤبوون و به‌ ئیراده‌ بوونی ژن، واتای به‌ مرۆڤ بوونی گه‌ل و کۆمه‌ڵگایه‌، ئه‌گه‌رنا ئه‌وا له‌ ژیاندا هه‌ر نیمچه‌ ده‌بن. ئیدی کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ بڕیار بده‌ن خاوه‌ن له‌ مرۆڤایه‌تی و مێژووی قاره‌مانێتی و به‌رخۆدانی گه‌له‌که‌مان ده‌ربکه‌ون و ئێوه‌ش بڵێن:”وه‌ک هه‌ر کوردێکی به‌شه‌ره‌ف و نامووس هه‌ین و به‌ پێی توانا خزمه‌ت ده‌که‌ین”. کاتێ‌ که‌ من له‌ ئێوه‌ دابڕام، 15 ساڵ‌ بووم، ئێستاش ته‌مه‌نم بۆته‌ 24 ساڵ‌ تکا ده‌که‌م هه‌ندێک واقعیانه‌ بیر بکه‌نه‌وه‌ و بپرسن ئه‌م کچه‌ هه‌تا ئێستا چی ده‌کات و چۆن و بۆچی تێده‌کۆشێ‌؟ قه‌ی ئه‌ویش نه‌یده‌توانی وه‌ یان بۆچی نه‌یویست وه‌ک ئاواز و خالید و به‌ ده‌یان که‌سی دیکه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خۆی بژی. جا دوای ئه‌وه‌ بهێڵن هه‌ڤاڵان بێنه‌ ماڵتان و ئێوه‌ بچنه‌ لایان. نامه‌کانی من بخوێننه‌وه‌ و پرسیاری ژیانی من و هه‌ڤاڵان بکه‌ن، هه‌موو رۆژێ‌ گوێ‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنی “رۆژ” و رادیۆی “میزۆپۆتامیا” بگرن و کتێبی سه‌رۆک “ئاپۆ” بخوێننه‌وه‌، ئه‌وکاته‌ له‌ کچی خۆتان تێده‌گه‌ن و واتا ده‌ده‌نه‌ مانه‌وه‌ی من له‌ نێو ئه‌م ژیانه‌دا. ئیدی من ناڵێم ئه‌مه‌ بکه‌ن و ئه‌وه‌ بکه‌ن خۆتان ده‌ست دانێنه‌ سه‌ر ویژدانتان و بڕیاری خۆتان بده‌ن له‌م باره‌یه‌وه‌ ته‌نیا سه‌باره‌ت به‌ خۆم شتێک ده‌ڵێم ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ درێژایی زیاتر له‌ 9 ساڵ‌ رۆژێ‌ له‌ رۆژان فیکری خیانه‌ت و په‌شیمانیم ژیان نه‌کرد. زۆر شت له‌ (PKK)وه‌ فێر بووم و زۆر زۆر خۆشحاڵ‌ و سه‌ربه‌رزم، یه‌کێک له‌و شته‌ گرنگانه‌ی که‌ فێربووم، خۆشه‌ویستی راسته‌قینه‌ی دایک و باوک و خوشک و برا و مرۆڤه‌ به‌ گشتی. ماوه‌یه‌ک زۆر لێتان تووڕه‌ بووم، ده‌موت ئه‌مانه‌ بۆچی له‌من به‌ هه‌ڵه‌ تێده‌گه‌ن و (PKK) وه‌ک شتێکی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ده‌بینن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ ده‌ربازبوونی کاتدا گه‌یشتمه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ تاوانبار ته‌نیا ئێوه‌ نین، به‌ڵکو هه‌ڵوێستی ئێوه‌ ئه‌نجامی گه‌لێک کێشه‌ی سیاسی و ئه‌قڵیه‌ت و داب و نه‌ریتی به‌ سه‌دان ساڵه‌یه‌ و که‌موکورتی منیش هه‌یه‌ به‌وه‌ی که‌ به‌ باشی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م نه‌ئافراند که‌ له‌گه‌ڵتاندا وتووێژ بکه‌م، له‌م لایه‌نه‌وه‌ داوای لێبوردنتان لێده‌که‌م و ده‌ڵێم: ئێوه‌ هه‌م وه‌ک عائیله‌ و هه‌م و وه‌ک مرۆڤی کورد له‌ دڵ‌ و مێشکمدان و له‌ پێناو به‌دیهێنانی ژیانێکی به‌خته‌وه‌ردا ئاماده‌م گیانی خۆشم فیدا بکه‌م. پاداشتی منیش بۆ هه‌موو چاکه‌کانی ئێوه‌ خیانه‌ت کردن نابێ‌ له‌ خوێنی شه‌هیدان به‌ڵکو خاوه‌ن ده‌رکه‌وتن و خۆفیداکردن ده‌بێ‌. ئه‌م چالاکییه‌ی که‌ منیش ئه‌نجامی ده‌ده‌م له‌ پێناو به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی قڕکردنی گه‌لی کورد و گۆشه‌گیرکردنی سه‌رۆک ئاپۆیه‌؛ له‌ پێناو ئازادی گه‌له‌که‌م و ئازادی ژنانی کورده‌ له‌ ده‌ست زوڵم و زۆری و چه‌وسانه‌وه‌، له‌ گیانم شیرینتر شتێ هه‌بوایه‌ ده‌مدا، به‌ڵام له‌م قۆناخه‌دا که‌ گه‌لی کورد به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن ده‌چێ‌ و له‌ هه‌رجێیه‌ک له‌سه‌ر پێیه‌ و مان ده‌گرێ‌ و رێپێوان ده‌کات، بۆ کچێکی وه‌کو منیش گیانی خۆ به‌ختکردنیش به‌ که‌م ده‌زانم و منیش وه‌ک هه‌موو هه‌ڤاڵانی دی خۆم به‌ قه‌رزاری گه‌ل و ژنانی ئازارچه‌شتوو ده‌زانم.

حه‌زم ده‌کرد که‌ زۆر شتتان بۆ بنووسم و بۆ هه‌ر یه‌که‌تان شتێک بڵێم، به‌ڵام چه‌ند کاتژمێرێکم ماوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی چالاکییه‌که‌م و ناتوانم له‌به‌ر که‌می کات له‌وه‌ زیاترتان بۆ بنووسم چونکه‌ به‌ قه‌ده‌ر ئێوه‌ و بگره‌ زیاتر خوشک و برا و که‌س و کارم هه‌ن ده‌بێ‌ سۆزی خۆم بۆ ئه‌وانیش بێنمه‌ زمان، به‌ڵام له‌ دواییدا ده‌مه‌وێ‌ شتێک بڵێم، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌: ئه‌گه‌ر خاوه‌ن خۆشه‌ویستییه‌کی راستین له‌ به‌رامبه‌ر یه‌کتر ئه‌وا تکایه‌ ئامانج و رێبازه‌که‌ی من باش بناسن و به‌ هه‌ڵه‌ی تێمه‌گه‌ن، چونکه‌ من بۆ ئه‌وه‌ ژیام و بۆ ئه‌وه‌ش به‌ده‌ستی خۆم شه‌هیدبوونی خۆم دیاری کردووه‌ و پیلان کردووه‌، وه‌سیه‌تیشم ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئاواز جارێکیدی چه‌کی من هه‌ڵگرێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو باوه‌شی چیا ئازاده‌کانی کوردستان چونکه‌ زۆرم خۆش ده‌وێ‌ و بۆیه‌ ئه‌و شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ له‌نێو هه‌ڤاڵانی خۆیدا بێت و، رێگا بده‌ن به‌ کچه‌کان و گه‌نجه‌کانیتریش با خۆیان و دواڕۆژی خۆیان بناسن و خاوه‌ن ئیراده‌ بن.
له‌دواییدا دوباره‌ سڵاو و رێز و خۆشه‌ویستی خۆم بۆ هه‌مووتان ده‌نێرم و هیوای شادی و کامه‌رانیتان بۆ ده‌خوازم.

له‌گه‌ڵ‌ سڵاو و رێزمدا
کچه‌ گه‌ریلاتان له‌یلا والی حسێن ناسراو به‌ “ڤیان”
01.02.2006
شه‌وی ئه‌نجامدانی چالاکی

بڵاوکرایەوە
هاوپۆلکراوە وەک سۆرانی