له‌و رۆژه‌وه‌ی که تۆم بیستووه و ناسیوه هه‌ست به ژیان ده‌که‌م، ده‌زانم که کێم و ده‌بێ چۆن بژیم. یانی فکر و رامانی تۆ منی به من ناساند و فێری کردم که به مانا بژیم، فێری ئهلف و بای ئازادی و سه‌ربه‌ستیت کردم. له فێرگه‌که‌ی تۆدا چه‌نده زه‌حمه‌تیشم کێشا بێت، هیچ رۆژێ له رۆژان دوودڵی و په‌شیمانیم ژیان نه‌کرد چونکه تیایدا هێزی واتام که‌شف کرد هێزی فکر و هێزی مرۆڤ، که‌مێکیش بێت له‌وه تێگه‌یشتم که هیچ شتێک موسته‌حیل نییه و مرۆڤ چی بکاته ئامانج ده‌توانێ پێی بگات به مه‌رجێ که له‌و ئامانجه‌دا جددی بێت و پێی باوه‌ڕ بێت، وه‌کو ژنێک و وه‌کو کوردێک ئازادیم کرده ئامانج و له‌دڵه‌وه باوه‌ڕیم پێ‌کرد، بۆ ئه‌مه‌ش به حه‌سره‌ته‌وه بووم که بۆ ساته‌وه‌ختێکیش بێت له‌نزیکه‌وه بتبینم و توند له‌باوه‌شت بگرم و هه‌ناسه‌یه‌کم بدایه و پاشان ئه‌وه‌ی له دڵمدایه ده‌رهه‌ق به ئازادی خۆم و ژنان و گه‌له‌که‌م له‌گه‌ڵ تۆدا وتووێژ بکه‌م به‌ڵام له‌ساڵی 1998دا پیلانگێڕییه گڵاوه‌که‌ی نێوده‌وڵه‌تی له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌دا که‌وته نێوان من و تۆ و به هه‌زاران که‌سی وه‌ک من که هاوئه‌شق و به‌هیوا بوون به دیتنت. دوای ئه‌وه ده‌ستگیرکردنی ئێوه له‌مندا زیاتر ته‌کانی به‌هێز و بڕیاری ئازادی دا و هیوا و حه‌سره‌تی دیتنی ئێوه قه‌د وون نه‌کرد به‌ڵام به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه‌م ده‌دا که زۆر له نزیکه‌وه هه‌ستت پێبکه‌م بۆیه زۆر جار له ناخمدا دیالۆگم له‌گه‌ڵتاندا پێش ده‌خست و هه‌ستم ده‌کرد وه‌ک ده‌نگ، وه‌ک وزه‌یه‌ک ده‌که‌وتیه ناخمه‌وه و ئیلهامم لێده‌گرتن. چه‌ند جاریش هاتی به میوانی خه‌ونه‌کانم و زۆر زۆر خۆشحاڵ بووم، ئه‌وه‌ی راستی بێت ناتوانم به ته‌واوی گوزاره بکه‌م له هه‌ست و بیره‌کانم سه‌باره‌ت به‌ئێوه، به‌ڵام له‌ساڵی 1999 به‌دواوه به‌رده‌وام راستییه‌ک له‌مێشکی مندا ده‌زرینگێته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که زیندانیکردنی مرۆڤێکی گه‌وره‌ی وه‌ک ئێوه‌م پێ هه‌زم نه‌کرا وهه‌ر ده‌موت ئه‌م مرۆڤه ئه‌و جێیه‌ی حه‌ق نه‌کردووه، بێگومان به‌رپرسیاری ده‌ستگیرکردن و گۆشه‌گیرکردنی سه‌رۆکی گه‌لێک و رێنیشانده‌رێکی گه‌وره‌ی مرۆڤایه‌تی ته‌نیا ده‌وڵه‌تانی رووڕه‌شی جیهان نابینم، به ئه‌ندازه‌ی ساخته‌کاری و دووڕوویی و خیانه‌تی ده‌وڵه‌تانی سه‌رده‌ست لاوازی و که‌م و کورتی هاوڕێیه‌تی خۆم و هه‌ڤاڵانیشم به‌رپرسیار ده‌بینم. بۆیه هه‌رده‌م شه‌رمه‌نده بووم له حزووری ئێوه و گه‌ل و ئه‌و ژنانه‌دا که هیوای ئازادییان به ئێوه‌وه گرێداوه.
ئه‌مڕۆش له 15ی شوباتی 2006دا پێ ده‌نێینه هه‌شته‌مین ساڵی ده‌ستگیرکردنی سه‌رۆکایه‌تییه‌وه و پیلانگێڕی نێوده‌وڵه‌تی قۆناخێکی نوێ و مه‌ترسیداری له‌سه‌ر ئیمرالی و کوردستان به گشتی ده‌ست پێکردووه. دیانه‌وێ هه‌موو ره‌نج و تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسی سه‌رۆکایه‌تی و گه‌لی کورد به‌فیڕۆ بده‌ن و به ئاشکرا بانگه‌شه‌ی ته‌سلیمیه‌ت و ده‌ستبه‌ردان له سه‌رۆکایه‌تی بکه‌ن، ده‌یانه‌وێ ده‌سته‌مۆمان بکه‌ن و فێری ئه‌وه‌مان بکه‌ن که بێ سه‌رۆک، واته بێ ئایدیۆلۆژی، بێ ئیراده ژیان بکه‌ین، بۆیه ئه‌مڕۆ گه‌ل له هه‌ر چوارلای جیهان له دژی ئه‌م سیاسه‌تی قڕکردنه‌ی که له‌سه‌ر سه‌رۆکایه‌تی په‌یڕه‌و ده‌کرێ ناڕه‌زایی خۆی ده‌رده‌بڕێ، منیش وه‌کو قوتابییه‌کی ئێوه له دژی ئه‌م هێرشه ناڕه‌وایه ده‌مه‌وێ له‌م 15ی شوباته‌دا له‌نێو گه‌لی خۆمدا به‌رخۆدانی گه‌له‌که‌م، به ئاگری جه‌سته‌م ده‌مه‌وێ په‌یامێک بده‌مه مێشک و دڵی سه‌هۆڵبه‌ندی شارستانێتی کۆمه‌ڵگای چینایه‌تی و وه‌ک زۆر مرۆڤی دیکه ده‌مه‌وێ له دادگای مێژوودا ببمه شاهیدێک بۆ قیڕاندن و ئیشارهپێکردنی زۆرداری و درۆزنی سیسته‌می داد و مافی مرۆڤی رۆژئاوا.
سه‌رۆکی من
ئه‌م چالاکییه‌ی که ئه‌نجامی ده‌ده‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایی و ئیسیانێکه له دژی ئه‌و حهقسزییهی که له دژی ئێوه و گه‌لی کورد له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی سه‌رده‌سته‌وه په‌یڕه‌و ده‌کرێ، هاوکات ره‌خنه‌دانێکی هاوڕێیه‌تی که‌م و لاواز و رزگاربوونمه له هه‌ستی شهرمهندیی و بێ روومه‌تی له‌به‌رامبه‌ر مێژوو و گه‌له‌که‌مدا، ئاستی ئیدیعا و باوه‌ڕیمه به‌وه‌ی که هه‌تا تاکه که‌سێکیش بمێنێ ئه‌م فه‌لسه‌فه و هێڵی ژیانه‌ی ئێوه هه‌ر ده‌ژی و سه‌رده‌که‌وێ. زۆر که‌س ده‌ڵێت و ده‌فکرن که ئایدیۆلۆژی تونه بکه‌ن و نه‌هێڵن، من گاڵته‌م به‌مه دێت و ئیدعایه‌کی زۆر پڕوپووچه، چونکه ئێوه ئیدی له دڵ و مێشک و حوجره‌ی به ملیۆنان که‌سدا و به تایبه‌تی له‌دڵی ژناندا جێگیربوون و بوون به ماڵی مێژوو و کۆمه‌ڵگا. هه‌مووجارێ به‌وه‌فایی و راستگۆیی ژنت به ئێمه ناساند جا ئه‌مڕۆ سه‌رباری هه‌موو که‌م و کورتی و لاوازییهکانمانهوه ده‌مه‌وێ ره‌خنه‌ی خۆم بده‌م و بڕیاری بوونی خۆم له هێڵی سۆسیالیزمی زانستی و دیموکراتی و پارادیگمای نوێ نیشان بده‌م و که‌مێکیش بێت، په‌یامێک بده‌مه پاشڤه‌ڕۆیه‌تی نێوخۆ و هێرشه‌کانی ده‌ره‌وه، منیش زۆرجار وه‌کو هه‌ڤاڵانی شه‌هید ده‌مگوت، خوزگه له گیانم به به‌هاتر شتێکی‌تر هه‌بوایه له پێناو ئازادی سه‌رۆک و گه‌له‌که‌م و ژنه چه‌وساوه‌کاندا فیدام بکردایه. له‌دوای گرتنی ئێوه و له ساڵی 1999دا به‌رده‌وام بڕیاری ئه‌نجامدانی چالاکییه‌کم هه‌بوو به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رج گونجاو نه‌بوو بۆ شتێکی وه‌ها و به تایبه‌تیش بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه زویر نه‌که‌م هه‌ر هه‌وڵمدا له ژیاندا دروست بوون، گرێدانی خۆم له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا نیشان بده‌م، ئه‌مڕۆش ده‌زانم که له‌وانه‌یه ئه‌م چالاکییه ره‌خنه بکه‌ن و په‌سندی نه‌که‌ن به‌ڵام چی بکه‌م سه‌رۆکی من هه‌ندێک هه‌ن ئاشق ده‌بن و ده‌ستی یه‌کتر ده‌گرن و راده‌که‌ن. ئاشق بوونی منیش وه‌هایه و دڵم بێ ئێوه و بێ پێکه‌نین و زه‌رده‌خه‌نه‌ی سه‌ر لێوی مناڵانی وڵاته‌که‌م سوکنایی نایه و ئۆقره ناگرێ. نه‌متوانی بڕیاره‌که‌م له قۆناخێکی وه‌ها هه‌ستیاردا دره‌نگ بخه‌م بۆ ساڵی هه‌شته‌می ده‌ستگیرکراوی و دووری ئێوه. بۆیه داوای لێبوردن ده‌که‌م و ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم که زۆر به هیوا و به‌وره‌م، به تایبه‌تی کاتێ بۆ دیاریکردنی کۆمیته‌ی ئینشای په‌که‌که ناوی منت گرته سه‌ر زمانی خۆت و پرسیاری منت کرد، هه‌ستم به‌وه کرد که گه‌وره‌ترین خه‌ڵاتت دامێ و هه‌ست به روومه‌تێکی مه‌زن ده‌که‌م. به‌رده‌وام رێنماییه‌که‌ی تۆ بۆ شۆڕشی باشوور که وه‌ک شۆڕشێکی ژن به‌ناوی ده‌که‌ن، له مندا وره و ئاراسته‌ی تێکۆشانی دیاری کردووه، ئێستاش له‌نێو ئه‌و بێ ده‌نگی مردنه‌ی که له باشووردا هه‌یه، ده‌مه‌وێ وه‌ک ژنێکی باشوور که‌مێکیش بێت قه‌ره‌بووی پاداشتی ره‌نج و چاکه‌کانی ئێوه بده‌مه‌وه، زۆر شاد ده‌بم که ئه‌نجامێکی سه‌رکه‌وتوو به‌ده‌ست بێنم، له‌دواییدا سڵاو و خۆشه‌ویستی و حه‌سره‌تی دیتنی خۆم ئاراسته‌ی تۆی بێ هاوتا ده‌که‌م، له‌بیرتان نه‌چێ زۆرتان بیر ده‌که‌ین و زۆرتان بیرده‌که‌ین…
له‌گه‌ڵ سڵاو و رێز و حهسرهتمدا
2006/01/28
VIYAN.info